لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
حوسێن مەولود ئەحمەد ناسراوە بە مەلا عەلی لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی بەردبرد ی قەزای ماوەت سەر بە ناوچەی شارباژێر لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٦٢–١٩٩٣ پۆلەکانی سەرەتای لە سەرچنار و ماوەت و چەرمەگا تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٧١–١٩٧٢ پەیوەندی کردووە بە زەنجیری ڕۆشنبیری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بۆیە لە ساڵی ١٩٧٤ دەکرێت بە لێپرسراوی ڕێکخراوی تۆلەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان. لە ساڵی ١٩٧٦ چووەتە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی ئەدەبیات بەشی کوردی، بۆیە کاتێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت ناچێتەوە بۆ زانکۆ خوێندن تەواو ناکات. لە ڕێکەوتی ٣٠ کانوونی دووەم ساڵی ١٩٧٩ بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتی زانی لە ناوچەی سوورداش لە گوندی کرژە لەلایەن بەعسییەکان پێیان دەزانێت دەستگیر دەکرێت. دوای دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانێکی زۆر لە زیندان و دەزگاکانی ڕژێمی بەعسیدا، لە ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٩ لە دادگای ھەیئەی خاسەی کەرکووک (دەستەی تایبەتی کەرکووک) بە شێوەیەکی نمایشی لە چەند خولەکێکدا بەبێ ئەوەی پارێزەری ھەبێت دادگایی دەکرێ و بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت. لەدوای دەرچونی فەرمانی لەسێدارەدانییەوە تا ڕۆژی جێبەجێکردنی حوکمەکەی کە تەنیا ٤٥ ڕۆژی خایاندووە لە شەوی ٢٢ لەسەر ٢٣ تەممووزی ١٩٧٩ لە زیندانی موسڵ لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری بەناوەکانی «ئەڵوەند عومەر حسێن» و «عەلی عالی حسێن» لە سێدارە دەدرێن.
- «شیعر و ھەڵوێست» تاکە دیوانی شەھید مەلا عەلییە و ساڵی ٢٠١١ لەلایەن لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کوردەوە چاپ وبڵاوکراوەتەوە و ھەموو شیعرەکان لەو دیوانەوە وەرگیراون.
- لەژمارەی ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ی ڕۆژنامەی ڕەخنەی چاودێردا بڵاوبوەتەوە
نموونەی ھەڵبەستی سیاسی و نەتەوەیی
[دەستکاری]
ھەموو مانگی ساڵ بوونە حوزەیران | | ھەموو وەرز بوون بە وەرزی خەزان |
کام گەلی دنیا وەک کورد بێ بەشە | | بەرگ و کاڵایان سەرتاپا ڕەشە! |
ھیچ ماڵێک نییە بێ قوربانی بێ، | | ساتێکی ژینی شادمانی بێ |
پیر و لاو ھەموو لە ڕێی نیشتمان | | بەشیان کوشتنە و لە سێدارەدان |
کەوابێ بۆچی ژین لام شیرین بێ! | | دڵ پڕ لە کوڵ و، چاو پڕ ئەسرین بێ |
ئێستا ژینی خۆم ھێند لا ھەرزانە | | سەد جار قوربانی ئەم کوردستانە |
قوربانی چینی چەوساوەی ئەکەم | | کورد بە ملیۆنی وەک من نابێ، کەم |
ئێستا ئومێدم ھێندە لاوازە | | ناتوانم بڵێم: ئەمێنم تازە |
مردووم و نانی زیندووان ئەخۆم | | تازە ناتبینم، ئازیزەکەی خۆم |
دوێ شەو لە خەوما، دوور بێ لە باڵات | | لێت نزیک ئەبووم تا ماچ کەم گۆنات |
ئەڵێن لە خەودا کەسێکی زیندوو | | ھەڵسێ و دانیشێ لە گەڵیا مردوو |
نیشانەی سەرە مەرگی لێ دیارە | | بۆیە لە مەرگت ترسام ئەمجارە |
مەگەر ھەر بە خەو تۆم ماچ کردبێ | | دەستم بۆ سینە و مەمکت بردبێ |
بە تاسەوە بووم بتگرمە باوەش، | | نەمدی، وا ئەمرم، پاشی من تۆ خۆش |
من تۆم لەبەر خۆم خۆش نەویستووە | | کەسیش ئەم «ڕاز»ەی لێم نەبیستووە |
ئێستاش ئەم ڕازە کە ئەدرکێنم | | ویژدانی ماتی خۆمە ئەیدوێنم |
- https://web.archive.org/web/20170423095034/http://hemin.dk/mla/node/364 سایتی ھێمن مەحموود :وتارێک بە ناونیشانی «مەلا عەلی، شاعیری مەرگ و عەشق»
- سایتی ڕێکخراوی ئۆرتە: ووتارێک بە ناونیشانی ((٣٤ ساڵ لەمەوبەر پێشمەرگە و شاعیری ناسراو مەلا عەلی لەسێدارەدرا))